یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ) پلانی داناوە کە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٧/٢٨ قوتابخانەیەکی سەرەتایی جووتزمان (ئەڵمانی – کوردی) بە ناوی "قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران" لە بەرلین بکاتەوە. بەم شێوەیە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەروەردەی فرەزمان لە ئەڵمانیا دەنێین. ئەم قوتابخانەیە کە ئێستا لە قۆناغی بونیادناندایە، دەبێتە یەکەمین قوتابخانەی سەرەتایی ئەڵمانی-کوردی لە ئەڵمانیا و پەیڕەوی مۆدێلێکی پەروەردەیی هاوچەرخ و جووتزمان دەکات کە ئەڵمانی و کوردی بە شێوەیەکی یەکسان لە ژیانی ڕۆژانەی قوتابخانەدا ڕەنگ بداتەوە.
بە دامەزراندنی ڕێکخراوی پشتیوانی لە قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران لە مانگی ئایاری ٢٠٢٦دا، هەنگاوێکی گرنگی دیکە بەرەو دامەزراندنی قوتابخانەکە نراوە. ئەم ڕێکخراوە هەوڵ دەدات پشتگیریی مەعنەوی، ڕێکخراوەیی و دارایی بۆ پەرەپێدانی قوتابخانەکە بدۆزێتەوە و دەرفەت بۆ دایکان و باوکان، پشتیوان و سپۆنسەرەکان دەڕەخسێنێت تا چالاکانە بەشداری لە داڕشتنی پڕۆژەکەدا بکەن.
گونای داریچی، بەڕێوەبەری گشتیی یەکماڵ ڕوونی دەکاتەوە: "لەگەڵ قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باراندا، ئێمە نێوەندێکی پەروەردەیی دروست دەکەین کە فرەزمانی وەک سەرچاوەیەک دەبینێت و لەخۆی دەگرێت. پێویستە منداڵان دەرفەتیان هەبێت بۆ پەرەپێدانی توانا زمانی و فەرهەنگییەکانیان، لە هەمان کاتدا پەروەردەیەکی ئاستبەرزی قوتابخانە وەربگرن".
قوتابخانەکە بەڕووی هەموو خێزانەکاندا کراوە دەبێت، بەبێ گوێدانە ڕەچەڵەک یان زمانی دایکیان. ئامانجی فێرگەکە ئەوەیە کە منداڵان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ فرەزمانی گەورە بن، لە هەمان کاتدا نەخشی هەبێت لە پێشخستنی دەرفەتی یەکسان، بەشداریی جڤاکی و تێگەیشتن لە نێوان فەرهەنگەکاندا. کۆنسێپتی پەروەردەیی قوتابخانەکە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەندین ساڵەی ڕێکخراوی یەکماڵ لە بواری پەروەردەی جووتزمانیدا بونیاد دەنرێت. چەندین ساڵە یەکماڵ سەرکەوتوانە زارۆخانەی ئەڵمانی-کوردی لە بەرلین بەڕێوە دەبات. قوتابخانەی سەرەتایی درێژە بەم مۆدێلە پەروەردەییە دەدات. وانەکانی زانست، بیرکاری، وەرزش، موزیک و هونەر بە دوو زمان دەخوێندرێن. هەفتانە چوار- پێنج وانەی زمانی کوردی دەخوێندرێت. تەواوی پلانی ڕۆژانەی قوتابخانە، لە پلانی ژەمەکانەوە تا پشتگیری و چاودێری بە هەردوو زمان داڕێژراوە.
قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران خۆی وەک نێوەندێکی فێرکاریی گشتگیر دەبینێت کە تێیدا فرەڕەنگی، دیموکراسی و ڕێزگرتن لە یەکتر، پێکهاتەی سەرەکیی پراکتیکی پەروەردەیی ڕۆژانەن. فرەزمانی نەک وەک ئیستسنایەک، بەڵکوو وەک واقیعێکی جڤاکی و دەرفەتێکی پەروەردەیی دەبیندرێت.
لەبارەی ڕێکخراوی یەکماڵ
یەکماڵ ڕێکخراوێکی قازانجنەویستی سەربەخۆی کۆچبەرانە کە بنکەی سەرەکی لە بەرلینە. زیاتر لە سێ دەیەیە ڕێکخراوەکەمان لەپێناو پەروەردە، فرەزمانی، بەشداریی جڤاکی و پێشخستنی زمان و فەرهەنگی کوردی تێدەکۆشێت. لەپاڵ خزمەتگوزاریی پەروەردەیی، ڕاوێژکاری و پشتگیریی خێزانەکان، یەکماڵ خاوەنی زارۆخانەی جووتزمانیی ئەڵمانی-کوردییە و لەسەر ئاستی ئەڵمانیای فیدڕاڵیش داکۆکی لە پەروەردەیەکی گشتگیر و هەستیار لە بەرانبەر هەڵاواردن دەکات.
پەیوەندیی میدیایی
بەشی میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان لە ڕێکخراوی یەکماڵ
بەڕێوەبەر: شاسوار مامە
ئیمەیڵ: medien@yekmal.de