بە بۆنەی دەیەمین ساڵەی نێوەندی ڕاوێژکاریی قانوونیی یەکماڵ، ڕێکخراوی یەکماڵ ڕۆژی ٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ لە بەرلین کۆنفڕانسی "لە نێوان پەنابەری، نیشتەجێبوون و ئاسۆکانی مانەوەدا – ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان لە پراکتیکی ڕاوێژکاری قانوونیی سەربەخۆ"ی ساز کرد.
لەپاڵ بابەتی ڕیفۆرمی سیستەمی هاوبەشی پەنابەری لە ئەورووپا (CEAS)، لە بەرنامەی کۆنفڕانسەکەماندا باس لە تووندکردنی قانوونی نیشتەجێبوون کرا کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیاوە هاتە ئاراوە، هەروەها سێرە خرایە سەر پرسیاری ئەوەی کە چۆن گۆڕانکارییەکان لە پراکتیکی دامەزراوە و بەرپرسانی بەرلیندا جێبەجێ دەکرێن.
کاتارینا نیڤیتسیال بەرپرسی کاروباری بەشداری، ئینتەگراسیۆن و کۆچبەری لە سێناتی بەرلین و هۆلگەر سپۆهر، ڕاوێژکاری پسپۆڕ لە بواری کۆچبەری لە پاریتێتیشە ڤۆلفارتسفێرباند بەرلین لە میانەی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا گوتەیان پێشکەش کرد و پیرۆزباییان لە یەکماڵ کرد. گونای داریجی و کۆرنێلیا ڕازولیس مێژووی پڕ لە ڕووداوی نێوەندی ڕاوێژکارییان خستەڕوو و تیشکیان خستە سەر سوودە زۆرەکانی ڕاوێژکاریی قانوونی لەلایەن ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کۆچبەرانەوە. پاشان تیمی نێوەندی ڕاوێژکاری بابەتەکانی خۆی پێشکەش کرد. ئەلچین یالچین دۆخی تایبەتی پەنابەرانی کورد کە لە تورکیاوە هاتوون، جەلال محەمەد ئەمین و پیتەر نۆبێرت دۆخی نالەباری ئەو پەنابەرانەی لە سووریاوە هاتوون-یان خستە ڕوو. فەهمی کاتار تیشکی خستە سەر هەندێک لایەنی گرنگی قانوونی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ پەنابەران.
هەر لە چوارچێوەی کۆنفڕانسەکەدا، پانێلێک بەڕێوەچوو کە تێیدا هاوبەشەکانیشمان بەشدار بوون. هاوکارمان جەلال محەمەد ئەمین، ئێمیلی بارنیکل لە ڕێکخراوی فلوشتلینگسڕات بەرلین، شتێفان یاکەل لە سەنتەری شڤوولنبەراتوونگ و نیکۆلای بووتنەر لە سەنترووم ئووبەرلێبن باسیان لەوە کرد کە چۆن دەکرێت ڕاوێژکاری لە هەلومەرجی کەمکردنەوەی بودجە و گەڕاندنەوەی پەنابەراندا هێشتا مانادار و مومکین بێت. داوایان لە حکوومەتی داهاتووی بەرلین کرد کە بودجەی گونجاو، درێژخایەن و دامەزراوەیی بۆ نێوەندەکانی ڕاوێژکاری دابین بکات. هەروەها ئاماژە بە پێویستی قەرەبووکردنەوەی وەستاندنی بوودجەی فیدراڵی بۆ نێوەندە سەربەخۆکانی پەنابەری و ڕاوێژکاری، لە بودجەی زیادکراوی بەرلین کرا. پانێڵەکەمان لەلایەن تۆربن کنۆبلۆخ پسپۆڕ لە سیاسەتی پەنابەری و هاریکاریی پەنابەران بەڕێوەبرا.
بەرنامەی کۆنفڕانسەکە بە هەڵپەڕکێ و موزیکی کوردی بە یاوەری هونەرمەندان عەدنان چەلیک و دەردۆ کۆتایی هات.