ڕۆژی ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥ لقی یەکماڵ لە شاری ئێسن بە دانانی ستاندێک بەشداری لە فێستیڤاڵی یاری کرد کە لە ڤێباپلاتس بەڕێوەچوو. فێستیڤاڵێکی ڕەنگین بوو بۆ منداڵان و خێزانەکانی ناوچەکە. لەگەڵ چەندین دەستپێشخەری و ڕێکخراوی دیکە دەرفەتمان بۆ ڕەخسا کە خۆمان بناسێنین و چاوی منداڵان بە چالاکیی بچووک و ئافرێنەرانە گەش بکەین.
لە ستاندی یەکماڵ منداڵان هەلیان بۆ ڕەخسا گەردەنبەند و دەستبەندی هەمەڕەنگ بۆ خۆیان دروست بکەن. ئەمە دەرفەتێکی خۆش بوو بۆ چالاکیی بچووک و سەرکەوتنی بچووک.
فێستیڤاڵەکە لە لایەن نێوەندی Begegnungszentrum Weberplatz ڕێکخرا کە هاوکارێکی ماوەدرێژی ڕێکخراوەکەمانە. ئێمە زۆر شادمانین بەم هاوکارییە و سپاسیان دەکەین بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە.