ڕۆژی پسپۆڕی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بەڕێوەچوو

ڕۆژی پسپۆڕی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بەڕێوەچوو

 

ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٦ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، ئەکادیمیای یەکماڵ بەشێوەیەکی سەرهێڵ شازدەمین ڕۆژی پسپۆڕی ساز کرد. ئەم ساڵ بەرنامەکە تایبەت بوو بە "بەشداریی دایکان و باوکان لە فێرگەدا - گرنگی و دەرفەتی وانەکان بە زمانی دایک"

پسپۆڕانی بواری پەروەردە، زانست، دامودەزگەکانی حکومەت و جڤاکی سڤیل بانگهێشتکرابوون تاکوو لەسەر ڕۆڵی فرەزمانی و بەشداریی دایکان و باوکان لەپێناو دادپەروەریی پەروەردەیی گفتوگۆ بکەن.

لە دوای گوتەی بەخێرهاتن لە لایەن گونای داریجی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی یەکماڵ و بەڕێوەبەری گشتیی ئەکادیمیای یەکماڵ، کاتارینا نیڤیتسیال بەرپرسی کاروباری بەشداری، ئینتەگراسیۆن و کۆچبەری لە سێناتی بەرلین، هەروەها ئانیا ترایشێل بە نوێنەرایەتی تۆڕی دایکان و باوکان-ی ڕێکخراوەکانی کۆچبەران لە بواری پەروەردە و بەشداری (bbt) لە گوتەی خۆیاندا جەختیان لەسەر گرنگیی پەروەردە و فێرکاری بە زمانی دایک بۆ هەلی یەکسان و بەشداریی دیموکراسییانە کردەوە. کاتارینا نیڤیتسیال پێشوازی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕەکانی دیکە کرد.

د. ئەرکان گورسۆی لە زانکۆی دیوسبورگ-ئێسن بابەتێکی بە سەرناوی "فرەزمانی بەبێ دەرفەتی یەکسان" پێشکەش کرد. ئەو سەرنجی خستە سەر ئاڵنگارییە پێکهاتەییەکان کە لە ژیانی فرەزمانیدا ڕووبەڕووی خێزانەکان دەبنەوە و ڕۆڵی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە بەهێزکردنی سەرچاوەکاندا. دواتریش مونەوەر عەزیزئۆغلوو بازان و د. هاندان چاغلایان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر "کاریگەریی وانەکان بە زمانی دایک لەسەر بەشداریی پەروەردەیی دایکان و باوکانی بە پاشخان پەنابەر و کۆچبەر پێشکەش کرد. ئەنجامەکان دەریدەخەن کە فێرکاریی زمانی دایک نەک تەنها پەرە بە پێشخستنی زمانەوانیی منداڵان دەدات، لە هەمان کاتدا لەنێوان فێرگە و ماڵەوەشدا پردی پێوەندی دروست دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەشدارییەکی بەردەوام.

لە چوارچێوەی ئیڤێنتەکەدا دوو وۆرکشۆپی هاوکات سازکران و بوونە دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا.

  • د. مارتین شەریف دەرینجە لە زانکۆی هامبورگ لە وۆرکشۆپەکەی خۆیدا سەرنجی خستە سەر ڕۆڵ و پۆتانسیەلی پێکەوە کارکردنی دایکان و باوکان و کارمەندانی پەروەردەیی بۆ وانەکانی کوردی لە فێرگەکاندا.
  • فیلیپ بیزێکە و مارینا مارکۆڤا کارمەندانی ڕێکخراوی یەکماڵ لە وۆرکشۆپەکەیاندا باسی کۆنسێپتی بازنەی هێزدارکردن-یان کرد لە بابەتی دیزاینکردنی بەشداریی دایکان و باوکان بەشێوەیەکی هەستیار لە بەرانبەر هەڵاواردن.

لە وۆرکشۆپەکاندا باسی ڕێبازی کردەکی، ئەزموونەکانی کاری پەروەردەیی و ئاڵنگارییە پێکهاتەییەکان کرا. ڕوونکرایەوە کە بەشداریی دایکان و باوکان ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبێت کە فرەزمانی وەک سەرچاوەیەک دانی پێدا بنرێت، زمانی دایک بەشێوەیەکی پێکهاتەیی بەهێز بکرێت و ڕوانگەی ڕەخنەگرانە لە بەرانبەر هەڵاواردن بەردەوام جێ بگرێت.

لە کۆتاییدا کۆرنێلیا ڕازولیس بەڕێوەبەری گشتیی ئەکادیمیای یەکماڵ ئەنجامە سەرەکییەکانی کۆنفڕانسەکەی بەکورتی پێشکەش کرد و سپاسی هەموو بەشدارانی کرد.

ئێمە سپاسی بەرپرسیارەتیی سێناتی بەرلین بۆ کاروباری بەشداری، ئینتەگراسیۆن و کۆچبەری دەکەین بۆ پشتگیرییەکەیان، هەروەها سپاس بۆ هاوبەشمان تۆڕی دایکان و باوکان-ی ڕێکخراوەکانی کۆچبەران لە بواری پەروەردە و بەشداری (bbt)، تۆڕی بێفان و پڕۆژەی ڤیرکت بۆ هاوکارییان. سپاسێکی تایبەتیش بۆ هەموو ئەوانەی دڵسۆزانە بەشدارییان لەم بۆنەیەداکرد.

 

ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار