ڕۆژی ٢ی تەمووزی ٢٠٢٦ کاندیدی پارتی چەپ بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی فریدریشسهاین کرۆیتسبێرگ ڕێنێ پێرێز دۆمینگێز سەردانی نووسینگەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی یەکماڵی کرد. ناوبراو ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چەپە لە ئەنجومەنی ناوچەی فریدریشسهاین کرۆیتسبێرگ.
سیاسەتمەدار ڕێنێ پێرێز دۆمینگێز زانیاری لەبارەی کار و چالاکییە هەمەڕەنگەکانی یەکماڵ وەرگرت، بە تایبەتی پڕۆژە و چالاکییەکانمان لەم ناوچەیە سەرنجی ئەویان ڕاکێشا. لەوانە پڕۆژەی ڕێبەرانی ئینتیگراسیۆن، نێوەندی خێزانی ڕەنگین، ڕاوێژکاریی دووگیانی، و پڕۆژەی "پشتگیری بۆ دایکان و باوکانی پەنابەر". هەروەها ناوبراو گرنگییەکی تایبەتی بە پلانی کردنەوەی قوتابخانەیەکی سەرەتایی جووتەزمان (کوردی-ئەڵمانی) لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٧ دا. ڕێنێ پێرێز دۆمینگێز بەڵێنی پشتیوانی دا لە گەڕان بەدوای بینای گونجاو بۆ قوتابخانە سەرەتاییەکەمان کە تا ئێستا دەستمان نەکەوتووە. فریدریشسهاین-کرۆیتسبێرگ شوێنێکی باشە بۆ قوتابخانەی سەرەتایی. یەکماڵ ساڵی ٢٠١٨ زارۆخانەی پییا-کرۆیتسبێرگی کردەوە کە جێگەی ٤٥ منداڵی هەیە.
گفتوگۆکەمان نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند. سپاسی ڕێنێ پێرێز دۆمینگێز دەکەین بۆ پشتگیری و گرنگیدانی بە کارەکانمان.
هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو کاندید و پارتە دیموکراتیخوازەکان دەخوازین و بەهیوای بانگەشەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و ڕێزدارانەین.