ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت. لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ ڕژێمی بەعسی عێراق بۆردومانی شاری هەڵەبجەی کرد و لە دژی گەلی کورد چەکی کیمیایی بەکارهێنا. ٥ هەزار کەس کوژران و نزیکەی ١٠ هەزار کەسیش بریندار بوون. دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون، زۆر خێزان لە یەکتر دابڕان و زۆر منداڵ ون بوون. دەرئەنجامەکانی ئەم هێرشە تا ئەمڕۆش هەستیان پێدەکرێت، بە تایبەت لەسەر ژینگە و ژیانی ڕزگاربووەکاندا.
هێرش بۆ سەر هەڵەبجە بەشێک بوو لە جینۆسایدی دژ بە کورد کە لە لایەن ڕژێمی سەددام حوسێن بە ناوی "ئەنفال" بەڕێوەچوو. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٦ بۆ ١٩٨٩ نزیکەی ١٨٢ هەزار کورد و ئەندامانی پێکهاتەکانی دیکە کوژران و نزیکەی ٤٥٠٠ گوند وێران کران.
هەڵەبجە هێمای یەکێک لە خەمناکترین و دڵتەزێنترین قۆناغەکانی مێژووە و گوزارشت لە تاوانێکی گەورە دژی خەڵکی سڤیل و تەواوی مرۆڤایەتی دەکات. هەڵەبجە بۆ ئێمە وەک کورد، بیرهێنەرەوەی ئازارەکانی ئێمە و مێژووی زوڵم و ئەو قوربانییانەیە کە گەلەکەمان تەنیا لەبەر کوردبوون ڕووبەڕووی بووەتەوە.
ئەمڕۆ یادی سەرجەم قوربانییانی جینۆسایدی هەڵەبجە دەکەینەوە. بیر و سۆزمان لەگەڵ ئەو خێزانانەدایە کە منداڵ و ئازیزانیان لەدەست داوە یان هێشتا لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەم تاوانەدا دەژین. ئێمە بەڕوونی دەڵێین: هەرگیز نابێت ڕێگە بدرێت ئەم جینۆساید و تاوانانە دووبارە ببنەوە.
لە هەمان کاتدا ڕوو لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەڵێین: گەلی کورد تا ئێستاش لە تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشە و تووندوتیژی و چەوساندنەوە دەبێتەوە. لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کورد بەردەوام لەژێر سەرکوتی سیاسیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە بەرخۆدان لەپێناو ماف، کەرامەت و ئازادیی خۆیدا.
یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ)
١٦ی ئاداری ٢٠٢٦